فەرهاد عەونی

فەرهاد عەونی لە 28/11/1946 لە گەڕەكی بەفری قەندی لە شاری كۆیە لەدایك بووە و لە ساڵی 1953 و لە تەمەنی حەفت ساڵیدا لە پۆلی یەكەمی قوتابخانەی (مدرسە الابتدائیە الاولی) وەرگیراوە و ساڵی 1958 بۆتە قوتابی پۆلی یەكەمی ناوەندی و ساڵی 1966 دواناوەندی هەر لە كۆیە تەواو كردووە و لە پایزی هەمان ساڵ لە كۆلێژی (ئابووری و زانستە سیاسییەكان) (كلیە الاقتصاد والعلوم السیاسیە) وەرگیراوە لە زانكۆی بەغدا وە ساڵی 1970 كۆلێژی تەواوكردووە.

* بەهۆی هەبوونی كتێبخانە لە ماڵەكەیان و سەرەڕای باوكێكی خوێندەوار و شاعیر لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە خولیای خوێندنەوە بووە و یەكەم كتێبیشی كە لەسەرەتای ژیانی خوێندوویەتییەوە (چیرۆكی زادیج) بووە كەلە بنەڕەتدا ڤۆلتێر نوسیویەتی و (طه حسين)ی نووسەری میسری وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی بەڵام ناوی وەرگێڕە كوردییەكەیم لە بیرنەماوە كە لە كتێبخانەكەی ماڵەوەیان هەبووە وە یەكەم كتێبی بە زمانی عەرەبیش خوێندۆتەوە كە كتێبەكەی (مەم و زین)ی محەمەد سەعید رەمەزان بۆتانی بووە كە ئەویش لە پۆلی یەكەمی ناوەندی بووە.

* لەژێر كاریگەریی شاعیرییەتیی (عەونی) باوكی دەستی بە شیعر نووسین كردووە و پاش شۆڕشی 14ی گەلاوێژی ساڵی 1958 تاكو ساڵی 1960 سێ پارچە شیعری لە رۆژنامەی پێشكەوتنی خوالێخۆشبوو محەمەد بریڤكانی كە لە بەغدا دەردەچوو بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی و گۆڤاری دەنگی قوتابیان كە لە هەولێر دەردەچوو سێیەم شیعریشی لە رۆژنامەی ژین بڵاوكردۆتەوە بەڵام لەم بوارە بەردەوام نەبووە و بەهۆی چوونی بۆ ناو ریزی خەباتی سیاسییەوە.

*ساڵی 1960 وە لە تەمەنی 14 ساڵیدا بووەتە ئەندام لە حزبی شیوعی عیراقی بۆ ماوەی نزیك سێ ساڵ لەم حزبە ماوەتەوە، پاشان لەژێر كاریگەرییەتی باوكی و مامی (خوالێخۆشبوو عمر حبیب) و پەرەسەندنی تەوژمی كوردایەتی و چاوپێكەوتنی بە بارزانی نەمر لە ساڵی 1963 لە ماڵی كاكە زیاد ئاغای غەفووری لە كۆیە هۆكاری چوونە ریزی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بووە و كە هەر لەم ساڵەدا و لە وەروزی هاوین چووەتە ریزی لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان وەكو پێشمەرگەیەك (لە دادگای بەرزی شۆڕش لە ماوەت بووەتە نووسەر).

* فەرهاد عەونی لە پایزی ساڵی 1964 چووەتە ریزی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ساڵ دوای ساڵ رۆڵی زیاتری لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بینیوە و تاكو لە ساڵی 1969 بووەتە ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی ناوەندی لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و لێپرسراوی ناوچەی بەغدا و دەوروبەری.

* پاش رێككەوتننامەی (11ی ئازاری ساڵی 1970) لە كۆنگرەی شەشەمی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بە سكرتێری گشتیی ئەم یەكێتییە هەرڵبژێردراوە تاكو كۆنگرەی حەوتەم كە لە 28/4/1972 كە لە سلێمانی بەسترا لەم پۆستە ماوەتەوە پاشان لەسەر ئارەزووی خۆی لەم بوارە دەستی كێشاوەتەوە.

* لە سەرەتای ساڵی 1972 بووەتە (بەڕێوەبەری كارگێڕیی رۆژنامەی التآخی و برایەتی) لە بەغدا كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەریدەكرد سەرەڕای سەرپەرشتیكردنی بابەتەكانی رۆژنامەی برایەتی.

* ساڵی 1974 جارێكی دیكە بووەتە پێشمەرگە و لە (ئەمانەتی گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندن و لاوان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی لاوانی وەرگرتووە) كە هەر لەم ساڵەدا (تیپی تۆپی پێی هەڵبژاردەی كوردستانی پێكهێناوە) و (دوو ژمارەشی لە گۆڤاری دیاریی لاوان دەركردووە) لەگەڵ خوالێخۆشبوو دارای شێخ نووری شێخ ساڵح كە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی لاوان بوو.

* پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 گەڕاوەتەوە كوردستان و لە ساڵی 1977 لە دائیرە ئینحیساری تووتن بە (معاون ملاحظ نقل) دامەزراوە تاكو ساڵی 1986 وە بەهۆی دواكەوتنی لە خزمەتی سەربازی لە هەمان ساڵ (فەسڵ) كراوە تا پاش راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 ئەوسا گەڕاوەتەوە وەزیفە.

* پاش راپەڕین سەرەڕای چەندین جار لەملا و لەولا تەكلیفی پۆستی جۆراوجۆری لێكراوە بەڵام بەهۆی مانەوەی لە كۆیە كە نەیویستووە باوكی (عەونی) پیر و نەخۆشی بەجێ بهێڵێت ئەو پۆستانەی رەت كردۆتەوە بەڵام پاش مردنی باوكی بە ساڵێك لە 26/10/1993 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی رۆژانەی (برایەتی) سەرەرای لێپرسراوییەتیی كارگێڕیی دەزگای (برایەتی و خەبات) تاكو 20/2/2000 لەم پۆستەدا ماوەتەوە لە هەمان كاتدا سەرنووسەری گۆڤاری (سەنتەری برایەتی و حەفتەنامەی برایەتی ئەدەب و هونەر و رۆژنامەی وەرزشی برایەتی و گۆڤاری برایەتی وەرزش بووە).

* لە ساڵی 1997 بووەتە سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كە لەیەكەم كۆنگرەی ئەم سەندیكایەدا كە لە (28-30/12/1998) لە هەولێر بەسترا وەكو نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان هەڵبژێردرا پاشانیش لە كۆنگرەی دووەمیشدا هەر بەنەقیبی رۆژنامەنووسان هەڵبژێردرایەوە.

* رۆڵێكی سەرەكی و بەرچاوی هەبووە لە یەكگرتنەوەی هەردوو رێكخراوی رۆژنامەنووسان كە بریتیبوون لە (سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و یەكێتیی رۆژنامەنووسانی كوردستان) لە رێكخراوێكی سەرتاسەریدا بە ناوی (سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان)وە لە كۆنگرەی گشتیی یەكەم و دووەمی ئەم ریكخراوە سەرتاسەرییە بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژێردرایەوە بە نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان تاكو كۆنگرەی سێیەم كە لە هاوینی 2011 بەسترا.

*  لەم سەندیكایە خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری (رۆژنامەنووس) و سەرنووسەری گۆڤاری (الصحفی) بووە كە بەزمانی عەرەبی دەردەچوو.

فەرهاد عەونی لە بواری كاری رۆژنامەنووسیدا بەشداری و لێپرسراوییەتیی دەرچوونی ئەم رۆژنامەو گۆڤارانە بووە:

1- گۆڤاری (نضال الطلبە/ 1970-1972) چوار ژمارە.

2- (التآخی و برایەتی) ساڵانی 1972-1974.

3- گۆڤاری (دیاریی لاوان) ساڵی 1974 لە ناو شۆڕش.

4- گۆڤاری (ژینۆ) كە لە لەندەن دەردەچوو لە گەڵ شێركۆ حەبیب ی ئامۆزای.

5- رۆژنامەی (كوردستان الیوم) دیسان لەگەڵ شێركۆ حەبیب كە لە هەولێر دەریاندەچواند.

لەم رێكخراوانەی خوارەوە كاری تێداكردوون و پۆستی دیاری تێدا هەبووە:

1- یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە ساڵانی نێوان 1964-1972.

2- نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە (جمعیە الاقتصادیین العراقیین/ المركز العام) كە ئەندامی دەستەی باڵا بووە لە نێوان ساڵانی 1972-1974.

3- رێكخراوی مافی مرۆڤ لە كوردستان لە نێوان ساڵانی 1991 تاكو رۆژانی ئەمڕۆ كە لە كۆنگرەی دووەمی ئەم رێكخراوە كە لەساڵی 1993 لە سلێمانی بەسترا بە ئەندامی لیژنەی باڵا هەڵبژێردراوە.

4- كۆمەڵەی دۆستایەتیی كورد و عەرەب لە ساڵی 1998.

5- بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەندامی هەردوو مەكتەبی ناوەندیی راگەیاندن و مەكتەبی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە بووە لە پارتی دیموكراتی كوردستان.

7- هەڵگری پێناسەی فدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی (IFJ) لە ساڵی 2003 تاوەكو ئەمڕۆ.

8- ئەندامی پەرلەمانی عیراق بووە (خولی كۆمەڵەی نیشتمانیی عیراقی، الجمعیە الوطنیە العراقیە) لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە ساڵی (2005-2006).

9- راوێژكار لە یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان.

بەرهەمە بڵاوكراوەكانی بریتین لە:

1- ذاكرە الأیام، الطبعة الاولي 2011.

2- المنظمات الجماهيرية الكوردستانية ط 1-1999، ط2- 2015

3- من حقیبتی، ط1- 2011 – ط2- 2014.

4- تجربتي الصحفيه، ط1-2015

5- ئەزمونی رۆژنامەوانیم، چاپی -1- ساڵی 2011

6- رۆژگارم ئاوا تێپەڕی، دوو بەرگ- چاپی -1- ساڵی 2016

7- لەگەڵ روداوەكان- چاپی یەكەم- ساڵی 2019

8- 36 نامه و چەند كەسایەتیكی دیوانی من – چاپی 1- ساڵی 2019

9- عەونی لە نێو كەشكۆڵەكەی تاهیر ئەحمەد حەوێزی و چەند بابەتێكی دیكەدا- چاپی 1- ساڵی 2021

10- لە هەگبەم دا، چاپی یەكەم – ساڵی 2019

11- رێكخراوە جەماوەریە كوردستانییەكان، چاپی یەكەم- ساڵی 2021

ئەو كتێبانەی كە لەسەر ئەركی نووسەر چاپكراوە و پێشەكی بۆنوسیوە.

1- دیوانی عەونی، چاپی  یەكەم، ساڵی 1997 بەرگی یەكەم.

2- دیوانی عەونی، چاپی دووەم، ساڵی 2011 بەرگی یەكەم.

3- دیوانی عەونی، چاپی یەكەم 2018 بەرگی دووەم.

4- چوارینەكانی خەیام، پاچەفەی عەونی، چاپی یەكەم، 2012 لە ئامادەكردنی جەلال زەنگابادی.

5- ژیان و بەرهەمی عەونی، شاعیر، ئومید عەزیز مستەفا، چاپی یەكەم، ساڵی 2014.

6- هونەری جوانكاری لە شیعری عەونی، بەهار عەبدولجەبار جامی، چاپی یەكەم، 2017.

+ بە ئامادەبوونی كۆمەڵیك لە نووسەر و رۆشنبیران كتێبخانە تایبەتییەكەی كە بە ناوی (كتێبخانەی فەرهاد عەونی)ـیە لە هەولێر لە 22/4/2014 كرایەوە. كە رۆژانە پێشوازیی لە دۆست و برادەر و میوانەكانی لێ دەكات.

* ساڵی 1974 هاوسەرگیری لەگەڵ (پەروین عەبدوڵڵا سەعید) دەرچووی كۆلیژی زانستەكانی بەشی كیمیا لە زانكۆ بەغدا كردوە و ئێستا كوڕ و كچێكی هەیە بە ناوەكانی (رێكان) كە ئێستا پزیشكە و بۆردی ئەوروپیی و عێراقی لە دەمار و مێشك (الجملە العصبیە) هەیە، (لانە)ی كچیشی دەرچووی كۆلێژی یاسایە و ئێستا فەرمانبەرە لە بەشی یاسایی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

دیمانەی فەرهاد عەونی لەگەڵ كەناڵی رووداو بەرنامەی پەنجەمۆر

بەشی (1)

بەشی (2)

بەشی (3)

بەشی (4)

بەشی (5)

farhadawni

farhadawni@yahoo.com